ناوی مێرمنداڵێکی دیکەی خەڵکی جوانرۆ ئاشکرا بوو کە کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کردوون

خۆڕاگری: هەمزە بەرزگەر، ناوی ئەو مێرمنداڵەیەی دیکەیە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەمزە بەرزگەر، یەکێکی دیکە لەو ٣ مێرمنداڵانەی خەڵکی جوانڕۆیە بەتاوانی دەربڕینی دڵخۆشی دوای شکستی هەڵبژاردەی تۆپی‌پێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو مێرمنداڵانە پاش دەسبەسەرکردنیان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، گوازراونەتەوە  بۆ شوێنی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.

جێی ئاماژەیە کە، دوای شکستی هەڵبژاردەی تۆپی‌پێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندان، چەند منداڵێک لە لایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر کراون و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووس و بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەیان و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەک بەو بنەماڵانە نادەن.