دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مازیار مەلەکی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی پشتیوانی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مازیار مەلەکی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئینستاگرام” سەبارەت بە بەشداری نەکردن لە دەنگدان بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە بەکاهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بڵاو نەکراوەتەوە و بنەماڵەکەشی بە نیگەرانییەوە هەوڵ دەدەن زانیاریی لەسەر چارەنووسی کۆ بکەنەوە.

جێی ئاماژەیە کە، مازیار مەلەکی ساڵی ڕابردوو، لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە دەسبەسەر و دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.