سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر بەندکراوێکی سیاسیی کورددا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی کورد، کە شەش مانگ لەمەوبەر بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرایەوە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کوردی خەڵکی شاری “قووچان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسان، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری مەشهەد سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هێشتا هیچ زانیارییەک ڕاست و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی ئەوەیان داوەتە پاڵ سەکینە پەروانە کە گوایە سەردانی گۆڕی “عەلی مزەفەری” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینای شاری قووچانی کردووە و هەروەها ناوبراو کە ٥ مانگ و ٢٦ ڕۆژ لە دەسبەسەربوونی نایاسایی تێپەڕ کردووە، لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەدەوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی دادگاییکردنی خۆی بۆ دادگا گوازراوەتەوە.

دادگاییکردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە لە کاتێکدایە کە، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو بێبەری کراوە و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا تەنیا یەکجار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونی و کۆنترۆڵکراوی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و ئەوەش بەو مەرجەی ڕێگەیان پێ داوە کە دەبێ بە زمانی فارسی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات و ناچار کراوە بە زمانی فارسی قسە بکا.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، پاش ئەوەیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە لە مەشهەد بانگ کراوە و دەسبەجێ هەرلەوێ دەسبەسەر کراوە و لە ٢٥ی هەمان مانگ بۆ بەندی ٥ی بەندیخانەی مەشهەد گوازراوەتەوە و هەروەها ڕۆژی ١۶ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، جارێکی دیکە لە شاری تاران و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و دوای چوار ڕۆژ ئازاد کراوە.