هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کەڵاتەرزان بە شێوەی کاتیی ئازاد کراوە

خۆڕاگری: بێهزاد شەریفی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ناوچەی کەڵاتەرزان، بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بێهزاد شەریفی، هاووڵاتیی دەسبەسەر کراوی خەڵکی ئاوایی “ساڵیان”ـی سەربە ناوچەی کەڵاتەرزانی شاری سنە، پاش تێپەڕبوونی ٥٤ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کراوە.
بێهزاد شەریفی، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردبوو و پاش تێپەڕبوونی ٥٤ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کراوە.