بەڕێوەچوونی دووهەمین کۆبوونەوەی دادگایی پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی

خۆڕاگری: دووهەمین ڕۆژی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە شاری تاران بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی قازی “عەمووزادە” لە شاری تاران دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی وتووێژکردن لە ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی و ناوخۆی ئێران، بەڕێوەچوو.

دادگا پاش نزیکەی یەک کاتژمێر کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا و ڕایگەیاند کە، ئەوە کۆتا کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەختە و دەبێ چاوەڕێی پەسەندکردنی دەنگی دادگا بکرێ و هەروەها ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانانی ئەمساڵ یەکەمین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی بەڕێوە چوو.