چالاکوانێکی مەدەنیی خەڵكی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: كارۆ عەلیداد، چالاکی مەدەنیی خەڵكی مەریوان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١٨ مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کارۆ عەلیداد، چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، سزای ١٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

 ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕێن بە سزای لەسێدارەدانی “وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی” دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و هەروەها پاش مانگێک و ٨ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.