شێخ زاهید شەهابی پاش زیاتر لە دوو مانگ ڕاگیران بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: شێخ زاهید شەهابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەقز، پاش زیاتر لە ٢مانگ دەسبەسەربوون بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، شێخ زاهید شەهابی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سەقز و برای شێخ ئازاد شەهابی پاش دوو مانگ و شەش ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەر خانەقاکەیان، بەشێوەیەکی دڕەندانە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازرایەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە سنە و پاشان ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری سەق کرا و هەروەها بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر شێخ زاهید و شێخ ئازادی برای سەردانی ماڵپەڕی خۆڕاگری بکەن لە ماوەکانی ڕابردوودا زانیاریی وردیان لەسەر بڵاو کراوەتەوە.