دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیسماعیل یوسفی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ۱٤۰٤ی هەتاوی، ئیسماعیل یوسفی، مامۆستای زمانی کوردی و چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ.
هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بێڕێزیکردن بە بنەماڵەکەی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێو تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.