سەپاندنی سزای بەنکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٥ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: سادق مەحموودنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە بریندارانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە چاوێکی بە سەختی بریندار بوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لە مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و تەبلیغ بەدژی حکوومەت، سزای ٥ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پیرانشار کە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی دەسبەسەر و ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی هەمانساڵ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٤ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.