ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر هەوڵی تێرۆرکردنی سۆهراب ڕەحمەتی

خۆڕاگری: سۆهراب ڕەحمەتی بەندکراوی سیاسیی پێشوو و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها ئەندامی ناوەندی پارێزەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە لە شاری هەولێر تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار کراوە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵێکی تێرۆریستیدا هەڵیانکوتایە سەر سۆهراب ڕەحمەتی،خەڵکی شاری بۆکان پارێزەری کەیسی شەهید قادر قادری و کادری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئاکامی دەستڕێژی گولـلەی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبراو بە سەختی بریندار کراوە و دەستبەجێ گەیاندراوەتە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر و لە ژێر نەشتەرگەری دایە.
سۆهراب ڕەحمەتی، چەندینجار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕاستەخۆ هەڕەشەی تێرۆرکردنی لێ‌کراوە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون کە زەفەری پێ ببەن و ئەم ئێوارەیە لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری هەولێر لەلایەن چەند تێرۆریستێکی سەربە کۆماری ئیسلامی تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار کراوە.
خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە، سۆهراب ڕەحمەتی کادری پێشووی حیزبی دێموکرات کە پارێزەری چەند پەروەندەی وەک تێرۆری شەوی یەڵدا لە بەردەم دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، پەروەندەی تێرۆری شەهید قادر قادری لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، و پەروەندەی تێرۆری مووشەک‌بارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بووە وهەروەها پێشتریش بە بەردەوامی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە.
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی، ڕایدەگەیەنێت: هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر سۆهراب ڕەحمەتی، دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە پشتە و چاوەڕوانیی لە دەزگای داد و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێ کە بەدواداچوون بۆ ئەو کردەوە تێرۆریستیە بکرێ و بکەرانی ئەو جینایەتە بدۆزرێتەوە و لەگەڵ لە قاودانی ئەو جینایەتە تاوانبارانی سەرەکی بە سزای تاوانەکانی بگەیەنێت.