هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەناوی “هەژار ئەحمەدی‌ئازەر” پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەژار ئەحمەدی‌ئازەر، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی تەمەن ٥٢ ساڵانی خەڵکی شاری بۆكان، پاش زیاتر لە یەک مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و هەروەها بەشێوەیەکی دڕەندانە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا و هاوکات دەستیان بە سەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرت.