خۆڕاگری: ئارام محەممەدی و بێهزاد مەحموودی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئارام محەممەدی و بێهزاد مەحموودی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “پەسوێ”ـی پیرانشار لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکانیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی نیوەشەو لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لای خەڵكی گوندی پەسوێ دروست کرد و بە بەکارهێنانی کردەوەت توندوتیژی ئەو دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائیستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.