پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

خۆڕاگری: درەخشان، یاسین و ڕزگار ڕەحیمی دوو برا و خوشکێک و عەدنان مەولایی و کەسێکی دیکە کە ناسنامەی ناڕوونە، خەڵکی سنەن و لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراون.

ڕۆژی سێشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: درەخشان ڕەحیمی، یاسین ڕەحیمی، ڕزگار ڕەحیمی، عەدنان مەولایی و هاووڵاتییەکی دیکەی کە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە و هەر پێنجیان خەڵكی شاری سنەن و لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و ئەندامبوون لەلایەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، تۆمەتبار کراون و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراون.

ئەو پێنج هاووڵاتییە ماوەی سێ مانگە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدرانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لەو ماوەیەدا لە گرتنگەکانی سپای پاسداران لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کردوون و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە، گواستوویاننەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە و تائێستا لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراون و تائێستاش چارەنووسیان ناڕوونە.