دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی شامات لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی شامات بەناوەکانی “هەمزە حەسەن‌مەلا و کەمال گوڵابی‌ئازەر” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێ هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕيشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هەمزە حەسەن‌مەلا و کەماڵ گوڵابی‌ئازەر، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گەندی “جەعفەرئاباد”ـی ناوچەی شاماتی سەربە شاری میاندواو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکان، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە گوندی جەعفەرئاباد بنکەیان هەیە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە و خەڵکەکەش ڕوبەڕوویان بوونەتەوە و پاش دروستکردنی کەشێکی دۆقێنەر، لە گوندەکە دەرکراون، بەڵام دواتر ژمارەیەکی دیکە هێزی سەرکوتکەرە بە جلی مەدەنییەوە چوونەتەوە بۆ ناو گوندەکە و هێندێک ماڵیان پشکنیوە و لە کۆتاییدا ئەو دوو هاووڵاتییەشیان دەسبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان و هەروەها چارەنووسیان لە بەدەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەی نەداوەتەوە.