هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: یاسر حوسێنی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی کامێران، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، یاسر حوسێنی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری کامێران پاش زیاتر لە مانگێک دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی کامێران ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

جێی ئاماژەیە کە، تا ئیستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، تۆمەتی وەپاڵدراو و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.