دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “فەخرەدین ئەحمەدی” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەخرەدین ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو دۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە بەهۆی ئەوەیکە پێشتر بریندار بووە و جەخستەی پلاتینی تێدایە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم تێبینی تەندروستیی ناوبراویان نەکردووە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێی ئاماژەیە کە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران، دۆخی تەندروستی و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.