دەسبەسەرکردن و ئازاردانی مێرمنداڵێکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ساڵانی خەڵکی پیرانشار بەناوی “ماردین گاگەشی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ماردین گاگەشی، مێرمنداڵی تەمەن ١٥ساڵانی خەڵکی پیرانشار بەهۆی ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و پاش ٢٤ کاتژمێر ڕاگیران بەڵێننامەی لێوەرگیراوە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

ئەو مێرمنداڵە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی شاری پیرانشار بەشداری کرد و پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵی خۆیان، لە ڕێگا هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران هەڵیانکوتایە سەری و بەشێوەیەکی دڕەندانە لێیانداوە و دەسبەسەریان کرد و لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ ئەو ناوەندە سەرکوتکەرە.