دەسبەسەرکردنی ٢هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شەهرام شاهی و ئەمیر ڕەحمانی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کلۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی شەهرام شاهی و ئەمیر ڕەحمانی، دوو هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی شەهرام شاهی لە بەردەستدا نییە، بەڵام ئەمیر ڕەحمانی پاش دەسبەسەرکردنی گوازراوەتەوە بۆ یەکێک  لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها هیچ زانیارییەکی لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.