کامران شێخە بەندکراوی ئایینیی خەڵکی مەهاباد دوای ١٥ ساڵ بەندکردن، لەلایەن کۆماری ئیسلامییە لە سێدارە درا

خۆڕاگری: سزای سێدارەی کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهاباد دوای ١٥ ساڵ بەندکردن، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سزای سێدارەی کامران شێخە، بەندکراوی ئایینیی خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا و دوێنێ کۆتا چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە  و دواتر گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە.

ناوبراو دوایین تۆمەتباری پەروەندەیەکی هاوبەش بوو کە لە دۆسیەیەکی ناڕوون، نا دادپەروەرانە و نایاسایی لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا هەر ٧ کەسەکەیان پاش ١٥ ساڵ بەندکردن لەسێدارە دراون.