خۆڕاگری: ٢ژینگەپارێزی دەسبەسەرکراوی دیکەی خەڵکی کامێران بەناوەکانی “خەلیل پەرەندەک و یاسر نووری” کە لەگەڵ ئەو ١٠چالاکوانەدا دەسبەسەر کرابوون، ناسنامەیان ئاشکرا بوو.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ١٠ کەس لە چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران کە تائێستا ناسنامەی هەشت کەسیان بە ناوەکانی “خەلیل پەرەندەک، یاسر نووری”، فەریدە وەیسی، حەمید سەبزه، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانی ئاشکرا کراوە، دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە سەرکووتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەستبەسەر کراون.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر چێشتخانەی “کوهستان” لە جادەی نێوان سنە و کامێران، لانیکەم ١٠ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزییان دەسبەسەر کردووە و دوێنێ ناسنامەی ٦کەس پشتڕاست کرایەوە و ئەمڕۆش ٢کەسی دیکە ناسنامەیان ئاشکرا بوو و هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی دەسبەسەرکراوان لەئارادایە و ئامانج قوربانی و یاسر نووری ساڵانی ڕابردووش چەندینجار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و تەنانەت سزای بەندکردنیشیان بەسەردا سەپێندراوە.