سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردیی کامێران

خۆڕاگری: سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی کامێران، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ساڵێک بەندکردن و لێدانی ٤٠زەبە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژیی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری سنە، سزای یەک ساڵ بەندکردن، دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و ٤٠ زەربە قامچیی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی بەسەر “سەیوان ئیبراهیمی” مامۆستای زمانی کوردی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژینی خەڵکی کامێران سەپێندراوە.

سەیوان ئیبراهیمی، لەلاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا لەبارەی ئەو سزایە نووسیویەتی: یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ سەپاندنی ئەو سزایە، دادگا ئاماژەی بەوەداوە کە من لە کردەوەی خۆم پاشەگەز نەبوومەتەوە و ئەوەی کردوومە لەسەر مافی ڕەوای گەلەکەم بووە و هەروەها لە ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ئەمساڵدا دادگاییکردنی ناوبراو لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سنە لەژێر تۆمەتی پڕوپاگەندە لەدژی نیزام، بەڕێوەچوو و بڕیاری سزادان دەرکرا.

شایانی باسە کە، ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی، لە دۆسییەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوەلە سنە، تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی نیزامی بەسەردا سەپێندراوە، کە لە ڕۆژی ٦ی خەرمانانی چەند داهاتوودا کۆبوونەوەی دادگاییەکەی بەڕێوەدەچێ.