دادگای گشتیی ڕێژیم لە ئاودانان، کچە چالاکێکی خەڵکی ئەو شارەی بانگ کرد

خۆڕاگری: فاتمە شێخی، کچە چالاکی خەڵکی ئاودانان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای گشتیی ڕێژیم لەو شارە، بەمەبەستی لێپێچینەوە بانگ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فاتمە شێخی، کچە چالاکێکی خەڵکی “ئاودانان”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن لقی ٢ی دادگای گشتیی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە و  پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە، لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا، زیاتر لە ١٣٠ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون کە تائێستا ناسنامەی ١٠٨ کەسیان ئاشکرا کراوە و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکان بە گشتی لە شارەکانی ئێران و کوردستان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا گوشاری بۆ خەڵک هێناوە و یان بانگیان دەکا بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکان یان دەسبەسەر و هەڕەشەی توندیان لێ دەکا.