ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی پووشپەری١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی پووشپەری١٤٠٢ی هەتاوی ٨١کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی پووشپەری ١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکران و پێبژاردن و قامچیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٣ ساڵ و ٧ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و لێدانی ٢٣٠ قامچی  و ١٦ ملیون پێبژاردن مەحکووم کراون.