دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مەیسەم شیرینی و ڕەسووڵ ئەسەدزادە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٣١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، مەیسەم شیرینی و ڕەسووڵ ئەسەدزادە، دوو هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و مەیسەم کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژیناشدا دەسبەسەر کرابوو، گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و ڕەسووڵ ئەسەدزادەش بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

شایانی باسە کە، ڕەسووڵ ئەسەدزادە بەمەبەستی دانانی بارمتە بۆ ئازادکردنی مەیسەم شیرینی، سەردانی بەشی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی ڕێژیمی لە ورمێ کرد، بەهۆکاری نادیار دەسبەسەریان کرد و هەروەها مەیسەم ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ماڵەکەی خۆیدا لەو شارە، دەسبەسەر کرا  و لە هەمانکاتیشدا مۆبایلەکانیان دەستی بەسەردا گیراوە.