دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی سەقز لەلایەن شارەوانییەوە

خۆڕاگری: حەسەن بەهاری بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز کە ئێستا بە چاوەدێری ئەلیکترۆنییەوە لە دەرەوەی بەندیخانە سزاکەی تێپەڕ دەکات، لەلایەن شارەوانی و ئەنجومەنی شاری سەقز، دەست بەسەر  زەوییە کشتوکاڵییەکانیدا گیراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: حەسەن بەهاری، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سەقز، لەلایەن ئەنجومەنی شۆرای شار و شارەوانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەست بەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵی و موڵک و ماڵەدا گیراوە کە لە بری بارمتە بۆ ناوبراو داندراوە لە حاڵێکدا ئەو بەندکراوە سیاسییە بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی لە دەرەوەی بەندیخانە ماوەی سزاکەی بەشێوەی پارێزبەندی تێپەڕ دەکات.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی ناوبراودا گرتووە و ئەوەش نیشاندەری ئەوەیە کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەسەڵاتی ئیداری خۆیان بۆ گوشارخستنە سەر بەندکراوانی سیاسیی کورد بەکار دەهێنن و هەروەها حەسەن بەهاری بەندکراوی سیاسیی کورد، لەلایەن ماڵپەڕی خۆڕاگرییەوە هەواڵەکانی دەسبەسەرکرد، سەپاندنی سزا و ئازادیی کاتییەکانی وەکوو خۆی بڵاو کردۆتەوە.