
خۆڕاگری: ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد، سێ بەندکراوی سیاسیی کورد بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە لەسێدارە دران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئیدریس ئاڵی و ئازاد شوجاعی، دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سلێمانی، کە پێشتر بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەن ڕێژیمەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، بەشێوەی نهێنی و لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ بەشێوەیەکی دڕەندانە لە سێدارە دران.
دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات ئەو بەندکراوانە داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن، بەشێوەی نادادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لەسێدارەیان داون کە پێشتر لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستپێڕاگەیشن بە پارێزەر بێبەش کرابوون و تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە ئەو سێ هاووڵاتییە هاوکاریی ئیسرائیلیان کردبێت.
شایانی باسە کە، لەسەرەتای شەڕی ئیسرائیل و ئێران کە ماوەی ١١ڕۆژ درێژەی کێشاوە، مەترسی جیددی هەیە لەسەر ژیانی بەندکراوانی سیاسیی کە ڕێژیمی ئێران بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارەیان بدات و تائێستا لانیکەم ٦بەندکراوی سیاسیی بەو تۆمەتە لەسێدارە داوە و هیچکامیشیان بەشێوەی فەرمی لە دادگادا نەیانتوانیەوە پارێزگاری لە مافی خۆیان بکەن و لانیکەم ڕێگەیان پێنەداون کە پارێزەرێک بۆ دۆسیەکانیان بگرن.
ئەو سێ هاووڵاتییە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆمای ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ کران و هەروەها لەماوەی دەسبەسەربوونیاندا بە توندترین شێوەی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا بوون بۆ ئەوەیکە دان پێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرن و پاش ٣مانگ ئەشکەنجە و ئازار، ڕێگەیان پێدان بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان قسە بکەن.
ئەو دووبەنکراوەی خەڵكی سەردەشت لەسەر سنوورەکانی ئەو شارە سەرقاڵی کار و کاسبی بوونە و لەگەڵ ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی سلێمانی پەیوەندی کاریان هەبووە پێکەوە و ڕۆژانە مامەڵەیان کردوە و بەتەواوی ڕەتیان کردۆتەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل نەبووە، بەڵام هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمای ئیسلامی بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و ئەشکەنجەی زۆر ناچاری کردوون کە بە زۆرەملێ دان بە تۆمەتەکەیاندا بنێن.