ئاشکرابوونی ناسنامەی ١٣هاووڵاتیی دیکەی کورد کە بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست داوە

خۆراگری: ناسنامەی سێزدە هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی شارە جیاجیاکانی کوردستان ئاشکرا بووە کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤یی هەتاوی “٢٦ی جانیوەری ٢٠٢٦ی زایینی” بەپێی نوێترین زانیارییەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، ناسنامەی سێزدە هاووڵاتیی دیکەی کورد ئاشکرا کراوە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و توندوتیژیی هێزە سەرکوتکەرەکانی گیانیان لە دەستد داوە و لەنێو ئەو کەسانەی ناسنامەکەیان پشتڕاست کراوەتەوە کە مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵان هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٨ی جانیوەری ٢٠٢٦)، لە شاری قەرچەکی سەر بە پارێزگای تاران، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی موحسین شێروانی، تەمەن ١٦ ساڵ، حوسێن ئەکبەری و ڕەسووڵ فەعلەگەری، کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و هەر سێ قوربانییەکە خەڵکی شاری سونقوڕی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی تاران بوون و بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی جەنگییەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەر لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا لە تاران، لاوێکی دیکەی کورد بە ناوی حامید بیابانی، خەڵکی سونقوڕ، لە کاتێکدا هەوڵی داوە بە هانای هاوڕێیەکی بریندارییەوە بچێت، بە سێ گولـلەی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە پێکراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە، هاوکات لە شاری کرماشان، هاووڵاتییەک بە ناوی بەهرۆز نەریمانیمێهر، دانیشتووی گەڕەکی “دەرەدریژ”، لە کاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییەکاندا لە ئێوارەی ١٨ی بەفرانبار، کەوتووەتە بەر دەسڕێژی گولـلەی هێزە حکوومییەکان و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەعید سەفەری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە و لێدانی توندی باتۆم لە بەشی سەری، کەوتبووە دۆخی کۆماوە و دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە و بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانبار گیانی لەدەست دا.

شایانی باسە، ئەم ڕووداوانە لە چوارچێوەی شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بووە کە شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و تێیدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی و توندوتیژیی زۆر ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*