ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی پیرانشار پاش زیاتر لە دوو مانگ

خۆڕاگری: ئەحمەد مام‌شەریفی و یوسف بازەرگانی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی پیرانشار پاش زیاتر لە دوو مانگ دەسبەسەربوون تائیستاش چارەنووسیان نادیارە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەحمەد مام‌شەریفی و یوسف بازەرگانی، دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری پیرانشار، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکاریان.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی ٣١ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگیران و سەرەڕای تێپەڕووبوونی زیاتر لە دوو مانگ، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان نییە.