دایکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا کە دەسبەسەر کرابوو بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: مینا سوڵتانی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان و دایکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا پاش زیاتر لە مانگێک ڕاگیران بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەممەدی، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌ی خەڵکی شاری بۆکان، پاش زیاتر لە ٣٥ڕۆژ دەسبەسەربوون لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری بۆکان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و تائێستاش دیار نییە کە هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی چییە، بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە هەموو شارەکانی کوردستان بەردەوام گوشار دەخەنە لە ژیان و ئاسایشی بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژینا.