ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە

خۆڕاگری: پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی کورد و چالاکوانی مەدەنی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسیدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، مەترسی جێبەجێکردنی لەسەر و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لەو بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: پەخشان عەزیزی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا تەنها بەهۆی چالاکییە ئاشتیخوازە مرۆڤدۆستانەکەی، لەوانە یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی ئاوارە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە، لە دادگایەکی نادادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی بەیاننامەکەیدا داوای کردووە کە ئەو بەندکراو سیاسییە ئازاد بکرێ و تا کاتی ئازادکردنی، چاوەدێریی تەندروستیی گونجاو و سەردانی بەردەوامی خێزان و پارێزەران بۆ ناوبراو دابین بکرێت، هەروەها ڕۆژی٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، پەخشان عەزیزی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران بەتۆمەتی “بەغی” سزای سێدارە و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٤ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.