کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەر بەندکراوێکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: حەمید حوسێن‌نژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی چالدۆران، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ بەسەرۆکایەتی قازی “نەجەفزادە” بەتۆمەتی “بەغی” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانی بەسەر حەمید حوسێن‌نژاد حەیدەرانلوو، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری چالدۆران‌دا سەپاند.

سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ، پشتڕاست کرایەوە و هەروەها ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە سنووری چالدۆران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سنووری کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا بۆ ماوەینزیکەی یەکساڵ و ١٠ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ بۆ لێکۆڵینەوە و لێثێچینەوە ڕاگیرابوو.