بەندکراوێکی سیاسیی کورد پاش ٦ساڵ بەندکردن ئازاد کرا

خۆڕاگری: تەحسین پیروزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەریوان پاش تێپەڕاندنی ٦ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی بەندەرعەباس ئازاد کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: تەحسین پیروزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، ماوەی ٦ساڵی تێپەڕاند و پاشا لە بەندیخانەی ناوەندی شاری بەندەرعەباس ئازاد کراوە.

ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، لەکاتی تێپەڕاندنی ئەرکی زۆرەملێی سەربازیی بۆ ڕێژیمی ئێران، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراو و پاش لەلایەن دادگای سەربازییەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١٥سال بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە لەماوەی تێپەڕاندنی سزاکەیدا، بێجگە لەوەیکە ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، لە سەرەتاییترین مافەکانی بەندکراوان وەکوو مەرەخەسی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.