هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ئیلام بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: کورش گراوەند، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی ئیلام، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، کورش گراوەند، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری ئیلام، نزیکەی ٣مانگ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو پێشتر لە بەردەوامی شۆڕشی ژینادا لەو ئیلام، چەند جارێک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکراوە و کۆتاجار مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان بەبێ بوونی هێج بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە کورش گراوەند، لەو ماوەیەی کە دەسبەسەر بووە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە، بەهۆی ئەوەیکە بێ هیچ بەڵگەیەکی بێڕێزیان پێکردووە و ئەشکەنجەی قورسیان داوە، بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیە ناوبراویان بەچەندین تاوان تۆمەتبار کردووە و بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیان داوە.