دەسبەسەرکردنی مێرمنداڵێکی خەڵکی قوروە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی خەڵکی قوروە بەناوی “ماردین گەنجی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” پێنجشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ماردین گەنجی، مێرمنداڵی وەرزشوانی تەمەن ١٨ساڵانی خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کراوە.

ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەسبەسەرکردنی ئەو مێرمنداڵە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ڕەخنەی لە یەکێک لە بەربژێری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی گرتووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوی کردۆتەوە.

شایانی باسە کە، ماردین گەنجی پاش ئەوەیکە دەسبەسەر کراوە، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.