خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “سەجاد وەیسی، مێهدی قولیزادە و مەجید ئۆغازی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر، چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی هەواڵی مڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٦)، سەجاد وەیسی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە، دوای تێپەڕبوونی ٥١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکیی “مێهدی قولیزادە”، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵی کوردی کرمانج و خەڵکی قووچان لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ناوبراو هێشتا لە بارودۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانە ڕاگیراوە و هەروەها ئەندامی گرووپێکی هەڵپەڕکێی کوردیی کرمانجە و لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە، لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفونی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
هەروەها، ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، ڕاگەیەندرا کە چارەنووسی مەجید ئۆغازی، هاووڵاتییەکی تری کوردی خەڵکی قووچان، دوای ٤٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی هێشتا چارەنووسی نادیارە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لە گرتنگە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازراوەتەوە و تا ئێستا لە دۆخێکی نادیار و بێسەروشوێنیدا ماوەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی یاسایی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

Be the first to comment