خۆڕاگری: لە مانگی خەزەڵوەردا هەر وەک مانگەکانی پێشوو، شایەتحاڵی بەردەوامیی شەپۆلی سەرکوت و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوین. ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کۆ کراونەتەوە و تۆمار کراون دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەی بە سیاسەتی سیستماتیکی دەسبەسەرکردن و سەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانە داوە. لەم مانگەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و ژمارەیەک چالاکی دیکەش سزای بەندکردنیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی ٥٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران،سیخوری کردن بۆ ئیسرائیل، دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕەزبەری١٤٠٤ی هەتاوی دا، ١٦ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕش و دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای بەندکردن و ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندراوە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ٩٧ ساڵ بەند کردنی تەعزیری مەحکووم کراون.هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهەباد بەناوی “کاوێس عەبدووڵازادە” بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپێندراوە.




