هاووڵاتییەکی خەڵكی مەهاباد ماوەی ٩مانگە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بێسەروشوێنە

خۆڕاگری: ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد ماوەی نزیکەی نۆ مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا هیچ چارەنووسێکی دیار نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگر” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران ماوەی ٨مانگ و ١٤ڕۆژە ئەنوەر ڕەمەزانپوور، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهابادیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی دەسبەسەر کردووە و تائێستا هیچ سۆراخێکی نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەدواوە و خۆ ە ڕاستی ڕووداوەکە دەبوێرن و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٩مانگ بەسەر بێسەروشوێنبوونی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمیش لەو بارەیەوە خۆ لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەکەی دەبوێرن و نایانهەوێ ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا بکەن کە ئەوە یەکێک لە سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامییە کە بە زۆرەملێ خەڵکی دەسبەسەر و بێسەروشوێن دەکات.

شایانی باسە کە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ زانیاریی لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شارەکانی مەهاباد، بنە، سنە، تاران، ورمێ و زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران و کوردستان کردووە بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە و ناەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم خۆیان لەو بابەتە بێبەری دەکەن و هەروەها ئەنوەر ڕەمەزانپوور، کە لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرێکاری کردووە، ڕۆژی هەینی ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، سێ ڕۆژ پاش گەڕانەوەی بۆ مەهاباد لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراوە و لەو کاتەوە تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.