خۆڕاگری: گۆران خودامورادی، هاووڵاتیی خەڵكی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٤ساڵ و ٦مانگ بەندکردن، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، گۆران خودامورادی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “شیان”ـی سەربە شاری سنە، کە پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٤ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سنە بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٤ساڵ و ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٦ی مانگی خەزەڵوەردا بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.