سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی دەڕەشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارمان شادی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵكی دەڕەشار لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئارمان شادی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵكی “دەڕەشار”ـی سەربە پارێزگای ئیلام، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە ئیلام بە سەرۆکایەتی قازی “داریوش پیری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەتی ڕێژیمی ئێران، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەمم، ٣٠ی بەفرانباری ئەمساڵ، ئەو سزایەی لەکاتێکدا بەسەردا سەپێندراوە کە بۆخۆی لە دادگای ئامادە نەبووە و دواتر بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیاندووە و بەشێوەی گشتیی سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا کە تۆمەتی جیاجیایان داوەتە پاڵی.