دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵكی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی پیرانشار بەناوی “جەلال بایزیدی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، جەلال بایزیدی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری شنۆ و دانیشتووی شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا لەلایەن ڕێژیمەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش ڕێگر بوونە لە بە میدیاییکردنی هەواڵی دەسبەسەرکردنی و بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ڕێژیم لە شاری ورمێ.