خۆڕاگری: لە بەردەوامیی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ چالاکانی ژنان، لەکاتی سێهەمین ساڵڕۆژی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، ژمارەیەک چالاکوانی ژنی خەڵکی سنە بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکان کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە درێژەی گوشارەکانی ڕێژیم لەسەر چالاکانی ژن، هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چوار چالاکی مافی ژنان لە شاری سنە بەناوەکانی “سیمین چایچی، فاتمە زەندکەریمی، مەرزیە مورادوەیسی و سووسەن ڕازانی” لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە بەهیچ شێوەیەک نابێ بەبۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا هیچ چالاکییەک بکەن.
هاوکات لەگەڵ بانگکردنی ئەو چالاکانە، ژمارەیەک لە مامۆستایان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژیناش بانگ کراون و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و هەروەها هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێ هیچ چالاکییەک بەو بۆنە بەڕێوە ببەن و دواتر بەشێوەی مەرجدار و واژۆکردنی بەڵێننامە ئازادیان کردوون.
