
خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سەڵماس بەناوەکانی ئەژدەر دودکانلوو میلان، زابت ولیلوو قزڵباش و فەریاد حاجیزادە، نزیکەی یەک مانگە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: نزیکەی یەک مانگە ئەژدەر دودکانلوو میلان، زابت ولیلوو قزڵباش و فەریاد حاجیزادە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەڵماس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا لە بەندیخانەی ئەو شارە ڕاگیراون و چارەنووسیان نادیارە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە.
ئەو سێ هاووڵاتییە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و ٢حەوتوو لەلای ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە و پاش گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی سەڵماس و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.