هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: کاوە کەریمیان، ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کاوە کەریمیان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان و ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای ئەو شارە کە زیاتر لە یەک مانگە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

کاوە کەریمیان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە سەرکوتەکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.