دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا سزای بەندکردن و پێبژکاردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: شێرکۆ مام‌کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٣مانگ بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، شێرکۆ مام‌کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی ڕوبەڕووبوونەوەی لەگەڵ جێبەجێکاری یاسا، زیان گەیاندن بە سامانی دەوڵەتی و گشتی و هەروەها تێکدانی بیروڕای گشتی، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ناوبراو کە پیشەی وێنەگریە لە ڕێوڕەسمەکاندا، وەکوو سزای دیکە پێبژاردنی بڕی پارەی ٧٦٢ ملیۆن تمەنیشی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهید “سمکۆ مەولوودی”، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کرا و دواتر ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی هەمانساڵ، بەدانانی بارمتەی دوو ملیارد نیو  بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.