ڕێژیمی ئێران بەشێوەی نهێنی بەندکراوێکی ئایینیی کوردی لە بەندیخانەی قزڵحەسار لەسێدارە دا

خۆڕاگری: مێهدی ئەسغەرزادە، بەندکراوی ئایینیی خەڵكی جوانڕۆ کە ماوەی ١٠ساڵە بەند کراوە لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە بەشێوەی نهێنی لەسێدارە درا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، مێهدی ئەسغەرزادە، بەندکراوی ئایینیی خەڵكی شاری جوانڕۆ کە ماوەی ١٠ساڵە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و نزیکەی ٢ساڵ دەبێ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی قزڵحەساری شاری کەرەج سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا.

ناوبراو دوو جار لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە سزای سێدارەکەی پشتڕاست کرایەوە و لە دادنامەکەیدا هاتووە کە دوای لەسێدارەدانیشی نابێ تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە و هەروەها لە کۆتا مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و بێ ئاگاداری پێشوەختەی بنەماڵەکەی سزای لەسێدارەدانەکەی بەشێوەی نهێنی جێبەجێ کراوە.

شایانی باسە کە، مێهدی ئەسغەرزادە، پاییزی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەرۆکایەتی قازی “شاهرۆخ مورادی” بەتۆمەتی شەڕی چەکداری بەدژی کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارە و بەتۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە تێرۆریستییە توندڕەوەکان، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.