خۆڕاگری: پێنج شەممە ٣٠ ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ ی زایینی بەرانبەر بە ٨ ی خەزەڵوەر ی ١٤٠٤ی هەتاوی، یەکەمین کۆبوونەوەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، دوای کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجومەن بەڕێوەچوو. لەو کۆبوونەویەدا، بەڕێز کاک سەلاح خزرپوور، بەرپرسی ئەنجومەن و زۆربەی ئەندامانی ئارایی کۆمییتەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن کە بریتیبوون لە بەڕێزان: وەستا ڕەحمان خالید نیژاد، هەڵمەت بابۆڵی، ئاگری (عەزیز) ڕەسووڵی، بورهان شیری، کامیل ئازەرپوور و حەسەن حاتەمی، بەرپرسی ئەنجومەن لە دەرەوەی وڵات، تێیدا بەشدار بوون.
کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان و نەمران دەستی پیکرد. دواتر حەسەن حاتەمی چەند خاڵی نوێی ئاوگۆڕییەکانی دوای گیرانی کۆنگرەی یەکگرتنەوە و کۆنگرەکانی یەکیەتییەکانی لاوان و خوێندکاران و کۆنفڕانسی چوارەمی ئەنجومەن و ئاڵوگۆڕە ئەرێنییەکانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سازماندیی نوێ لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، پێکهاتنی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرپرسایەتیی بەڕێز کاک سمایل شەرەفی، بەهەمانشێوە پێكهێنانی کۆمیتەی ڕێکخراوەرکان لە دەرەوەی وڵات، بەبەرپرسایەتی بەڕێز کاک ئازاد عەزیزی و حەسەن حاتەمی وەک جێگری ئەو بەشە ناساند.جێگای ئاماژەیە کە بەشی ڕێکخراوەکان لە دەرەوەی وڵات، لە: یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان … و کۆمەڵە کوردییەکانی چالاک لە وڵاتەنی ئۆروپایی پێک دێت. لە کۆبوونەوەکە دا دوای خۆناساندنی هاوڕێیانی بەشدار، چونیەتی کارکردن لەسەر مەسەلەی زیندانییە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات و سازماندیی و بەفەرمیی تۆمارکردنی ئەنجومەن لە وڵاتانی دەرەوە باسی لەسەر کرا.
پێداگری بەشداران بە گرینگی دان بە تێکۆشان، سازماندان و چالاکییەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان لە دەرەوەی وڵات و هەروەها پێوەندی گرتن بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و ئێرانی، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەن بە شێوەیەکی گشتی دادەنێت. خەمساردی پێشووی ئەندامان و بەدەنگوەنەهاتنیان بۆ کاروباری ئەنجومەن لەدەرەوەی وڵات و بانگهێشت نەکردنی ئەندامانی چالاکی ئەنجومەن بۆ کۆنفرانسی چوارەم و چەندین پرسیاری دیکە باس و ئاڵوگۆری بیروڕایان لەسەرکرا.
لە بڕگەی کۆتایی دا بەڕێز سەلاح خزرپوور بە وردی وڵامی پرسیارەکانی دانەوە و هیوای خواست کە بۆ ساڵی داهاتوو لە دەرەوەی وڵات بە شێوەی حوزووری ١٢ ی جۆزەردان “ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە یەک لە وڵاتانی دەرەرە یادی بکرێتەوە.
٣١ی ئۆکتبری ٢٠٢٥ ی زایینی، بەرانبەر بە ٩ ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ ی هەتاوی.
