خۆڕاگری: مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەسەر بەندکراوی سیاسیی کورد، محراب عەبدوڵڵازادە، چڕتر بووەتەوە، دوای ئەوەی باڵاترین دەسەڵاتی قەزایی ڕێژیم داواکارییەکەی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا ڕەتکردەوە.
بەپێی هەواڵی ماپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٨ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” لقی ٣٩ی دیوان باڵای کۆمای ئیسلامی، داواکاریی “دووبارە دادگاییکردنەوە”ـی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری ورمێی ڕەتکردووەتەوە و ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوبراو یەکێکە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و پێشتر سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
سەرڕای ئەوەی پارێزەرانی ئەو بەندکراوە بۆ جارێکی دیکە داوای پێداچوونەوەیان تۆمار کردووەتەوە، بەڵام هەمان لق لە دیوانی باڵا ئامادە نەبووە فەرمانی ڕاگرتنی کاتیی سزاکە دەربکات و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ناوەندە مرۆییەکان دروست کردووە کە هەر ساتێک ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی لەئارادایە.

Be the first to comment