کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر چوار هاووڵاتیی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی “عوسمان دڵسۆز، سولەیمان سالک، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە” لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١٦ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عوسمان دڵسۆز تەمەن ٦٦ ساڵانی خەڵکی پیرانشار، سولەیمان سالک تەمەن ٧٣ ساڵانی خەڵکی گوندی “قەرەگول”ـی سەربە شاری بۆکان، هەژار دڵسۆز تەمەن ٣٠ساڵانی خەڵکی گوندی زێوکە و ئاکام خزرزادە تەمەن ٣٠ ساڵانی خەڵکی گوندی “کانی بداغ”ـی سەربە شاری پیرانشار لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پیرانشار بەتۆمەتی “ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سەرجەم سزای١٦ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

سزا سەپێندراوەکانی کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیەن: سولەیمان سالک سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و هەر یەک لە عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە سزای ٢ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها سولەیمان سالک،  ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی هەمانساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و دوای دوو مانگ بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.