سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیبراهیم ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نەغە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزات یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئیبراهیم ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە بەسەرۆکایەتی قازی “حیجازی”، بەتۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ١ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لەو ماوەیەی کە دەسبەسەر بووە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە، لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بووە و هەڕەشەی لێکراوە کە بە پێچەوانەی ویستی ئەوان بجووڵێتەوە برا تەمەن ١٠ساڵانەکەشی دەسبەسەر دەکەن.

جێێ ئاماژەیە کە، ئیبراهیم ڕەسووڵپوور ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و پاش لێکۆڵینەوە، ئازار و ئەشکەنجە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە.