کچە چالاکێکی خەڵکی ئاودانان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: فاتمە شێخی، کچە چالاکی خەڵکی ئاودانان بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاماری سزای سێدارە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فاتمە شێخی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری ئاودانان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “محەممەد غوڵامی” بەتۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو کچە چالاکە مەدەنییە، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆی، لەلایەن خانەی دادی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە ئاودانان بانگ کرا و دوای ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندنی تۆمەتەکانی، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

جێی ئاماژەیە کە، فاتمە شێخی، لە دژکردەوەی سەبارەت بەو سزایە نووسیویەتی: بەهۆی کاردانەوەم سەبارەت بە سزای سێدارە، سزای بەندکردنم بەسەردا سەپێندراوە.